بە داخەوەم
هاوڕێم
لە پاش
تۆ هێشتا
شەمەندەفەری سەر سنوورەکان
پڕن لە
حاجی لەق لەق
هێشتا نیشتمان
وشەیەکە
هەمووان ئەیزانن
چۆن بیڵێن
تەنها من
لە سەر زمانمەو بۆم نایەت
... لەودیو فرمێسکەوە
... نیشتمانم دیمەنێکی تەماوی
بوو
پێدەشتێکی گریاناوی
سپاس هاوڕێم
فێرت کردم
چۆن بدەم لە قووڵپی گریان
و
جیهانم روونتر
ببینم
داوای لێبوردنت لێ
ئەکەم هاوڕێم
کە تەنها
ئەوەندەم لە دەست دێ
باڵتاوەکەم دابکەنم و
بیدەم بە
سەر نیشتمانما
بەشکم لە
سەر
ئەم سنووری
کۆچ و مەرگ و خوێنەدا
سەرما نەیبا.