هەموو رۆژێ
کە لە خەو هەڵئەستم و
جگەرەیەک دائەگیرسێنم
ئەبینم پیاوێک
لە پشت مێزەکەم
لە ناو دووکەڵ و
سێبەری رێ ڕێ و غوباراوی پەردەکەیا دانیشتووە
بە دەم رەنجەکانی ریتسوسەوە پێئەکەنێ
بە ترسەکانی کافکا ژان ئەکات و
لە مەراقەکانی نیچەدا ئەحیلکێنێ و
... تا ئێوارێ
دێت و ئەڕوا و پێئەکەنێ و ئەڕاوینی
هەڵئەسووڕێ و پێئەکەنێ و ئەڕاوێنێ
دائەنیشێ و پێئەکەنێ و ئەڕاوێنێ
لە سووچێکی پەنجەرەوە
سووتووی سیگارەکەی
دائەتەکێنێتە ناو کەلاوەکانی دراوسێ و
پێئەکەنێو ئەڕاوێنێ و
سەر لە ئێوارەی هەموو رۆژێ
خۆم بە دەستی خۆم ئەیکووژم.